
خۆڕاگری: محەممەد ئەمینیفەر، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٢ساڵ و ٥مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، محەممەد ئەمینیفەر هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “عەلیاباد”ـی سەربە شاری نەغەدە، لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لەو شارە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ساڵ و ٥مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە کراوە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی “سەجاد دووستی”، بەتۆمەتی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، بە هەموویەوە سزای ٢٩مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و هەروەها ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا.