دایکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: مینا سوڵتانی‌زارع، دایکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەلایەن دەزگای قەزایی و ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٨مانگ بەندکردن و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مینا سوڵتانی زارع، هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان و دایکی “شەهریار محەممەدی” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن لقی ١٠١ی داگای تاوەکانی ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو شارە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت و نەپاراستنی حیجاب، سزای ٨مانگ بەندکردن و پێبژرادنی پارەی حازر بە بڕی یەک ملیۆن‌تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

 ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کرد و ڕۆژی سێشەممە ١٠ی مانگی ڕەزبەری هەمانساڵ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.