
خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی خەڵكی کامێران بەناوەکانی “محەممەدمیرزا ڕەحمانی، جەبار ئیبراهیمی، هێمن ئیبراهیمی و مووسا تابێعی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، محەممەدمیرزا ڕەحمانی، جەبار ئیبراهیمی، هێمن ئیبراهیمی و مووسا تابێعی، چوار هاووڵاتیی خەڵكی خەڵکی گوندە جیاجیاکانی سەربە شاری کامێران لەلایەنی هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییانە و دەسبەسەری کردووە و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.