کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر مامۆستایەکی زمانی کوردیدا سەپاند

خۆڕاگری: مامۆستا ئازاد ئەمینی، مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی سەقز کە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا دەسبەسەرکرا، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئازاد ئەمینی، مامۆستای زمانی کردی، چالاکی مەدەنی و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کولتووری هیوای زانست و ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی ژیانی سەوزی سەقز، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد مستەفایی” بەتۆمەتی بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای ٣ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

مامۆستا ئازاد ئەمینی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە گوندی”هێجانان”ـی سەربە شاری سەقز دەسبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە و ڕۆژێک دواتر لەوێوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە گوازرایەوە وپاش زیاتر لە یەک مانگ دەسبەسەربوون، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕزبەری هەمانساڵ، بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی تا کاتی دادگاییکردنەکەی بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە ئازاد کرا.