ڕاپۆرتی خۆڕاگری لەسەر سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ٧هاووڵاتیی کورددا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەسەر سەپاندندی سزای بەندکردن، دوورخستنەوە و پێبژاردن بەسەر ٧هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقزدا، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا ڕایگەیاند: ٧هاووڵاتی و چالاکوانی خەڵکی شاری سەقز بە ناوەکانی “سەفا عائیلی، هیوا جیهانی، شێرکۆ حیجازی، هیوا تاتایی، ئازاد ئەمینی، سەمیرا ئەحمەدی و ئومید موقەدەس لە پەروەندەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە سەقز، بە تۆمەتی پیلانگێڕی بەدژی ئاسایشی گشتیی کۆماری ئیسلامیی، بانگەشەی دژبە حکوومەت، ئەندامبوون لە لایەن و ڕێکخراوە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سووکایەتیکردن بە عەلی خامنەیی سزای بەندکران، سزای پێبژاردنیان بەسەردا سەپاندنوون.

هەر بەپێی زانیارییەکانی “خۆڕاگری” ئەو هاووڵاتییانە کە سزایان بەسەردا سپێندراوە، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران لە سەقز بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد مستەفایی” دادگایی کراون و ڕۆژی ٢١ی هەمان مانگ بەشێوەی فەرمی سزاکەیان پێڕاگەیەندراوە و سەفا عاییلی، (خاڵی شەهید ژینا ئەمینی)، بەتۆمەتی پیلانگێڕی بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، بانگەشە بەدژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و سووکایەتیکردن بە خامنەیی، سزای ١٥ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە؛ لە بەرگەی سزاکانی کە پێیان ڕاگەیاندراوە نووراوە: بەپێی مادەی ٧ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندکردن، پەسەندکراوی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی،  یەک لەسەر سێی گەورەترین سزاکە لە ڕێکەوتی دەرچوونی بڕیارەکەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ هەڵدەپەسێردرێت، بەڵام کەسی سزادراو دەبێ لە ماوەی هەڵپەساردنی سزاکەیدا و بەپێی مادەکانی ٤١، ٤٢، ٤٣ و ٤٨ی یاسای ئاماژەپێکراو و بە گەڕانەوە بۆ ناوەرۆکی دۆسیەکە، هاتوچۆی ئەو کەسانەی بەناوبانگن بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە و ئەو شوێنانەی کە تاوانەکەیان لێ ئەنجام داوە، نەکات و هەموو سەری مانگێک سەردانی بەشی جێبەجێکردنی سزاکان بکات.

لەماوەی هەڵپەساردنی سزاکەدا دەبێ سەرقاڵی فێربوونی پیشەیەکی تایبەت بێت و بەشداری لە سێ خولی پەروەردەیی و ئەخلاقی و بەتایبەت مەزهەبیدا بکات کە لە مادەی ٤٣ی یاسای ئاماژەپێکراودا هاتووە و دەبێ ژیاننامەی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرە کوژراوەکانی ڕێژیم کە لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراوە بنووسێت و وەکوو وتار بەشێوەی نووسراو، دەنگ و ڕەنگ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییە بە ناوبانگەکاندا بڵاو بکاتەوە و ئاکامەکەشی ڕادەستی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەقز بکات و ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکات، بۆ جاری یەکەم یەک تا دوو ساڵ بۆ ماوەی هەڵپەساردنەکە زیاد دەکرێت و ئەگەر سەرپێچییەکە دووبارە بکاتەوە یاخود تاوانێکی بەئەنقەست ئەنجام بدات کە سزاکەی لە جۆری حەد، قەساس، دیە یان سزای ئاسایی تا پلە حەوت بێت، جیا لە سزای تاوانە تازەکە، بڕیاری هەڵپەساردنی ئەو سزایەیش هەڵدەوەشێتەوە و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەگەریش بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ بکات ئازادبوونەکەی مسۆگەر دەبێ.

سەمیرا ئەحمەدی، بەتۆمەتی بەشداریکردن لە پیلانگێڕیدا بەمەبەستی تاوانکاری بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای ٣ ساڵ بەندکردن و وەکوو سزای تەواوکەریش قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی لە ئێران بۆ ماوەی ٢ ساڵ بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها هیوا جیهانی و ئومید موقەدەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی، هەرکامیان سزای ٣٥ ملیۆن تمەن پێبژاردنیان بەسەردا سەپێندراوە و ئازاد ئەمینیش بەهەمان تۆمەت سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و وەکوو سزای تەواوکەریش قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی لە ئێران بۆ ماوەی ٢ ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لێژنەی تۆپی پێی سەقز، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پیلانگێڕی بەمەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن، ئەندامبوون ڕێکخراو و لایەنە دژبەرەکانی ڕیژیمی ئێران، سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکردن و وەکوو سزای تەواوکەریش، قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران بۆ ماوەی ٢ ساڵ بەسەریدا سەپێندرا.

شایانی باسە کە، دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەقز، سەبارەت بە سزای شێرکۆ حیجازی بڕیاری هەڵپەساردنی دوو لەسەر سێی گەورەترین سزا بۆ ماوەی سێ ساڵی دەرکردووە، بەڵام ئەویش وەک سەفا عائیلی ڕووبەڕووی سزای تەواوکەری قەدەغەی هاتوچۆکردنی ئەو کەسانەی بەناوبانگن بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە و ئەو شوێنانەی کە تاوانی لێ کراوە، بووەتەوە و  بەهەمان شێوە ئەویش دەبێ لەماوەی هەڵپەساردنی سزاکەیدا سەرقاڵی فێربوونی پیشەیەکیە تایبەت بێت و بەشداری لە سێ خولی پەروەردەیی و ئەخلاقی و بەتایبەت مەزهەبیدا بکات و ژیاننامەی یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکە کوژراوەکانی ڕێژیم بکات کە لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکاندا کوژراوە  بنووسێتەوە و وەکوو وتار بەشێوەی دەنگ و ڕەنگ بیخوێنێتەوە و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی بەناوبانگەکانیشدا بڵاوی بکاتەوە و ڕادەستی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی بکات و هەروەها بڕیار دراوە ئەگەر سەرپێچی لەو دەستوورە بکات بۆ جاری یەکەم یەک تا دوو ساڵ بۆ ماوەی هەڵپەساردنەکە زیاد دەکرێت.

ئەو حەوت هاووڵاتی و چالاکوانەی خەڵکی شاری سەقز مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، لە سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی  ژن، ژیان، ئازادیدا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە و لێکۆڵێنەوەکان بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کران.