دوو هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی پێنجوێن بەناوەکانی “ئارام بەهادین و ڕەسووڵ ڕەزا شەریف” کە لە کاتی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کران، سزای ٢٢ساڵ و ٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئارام بەهادین، خەڵکی گوندی “چاڵاو” و ڕەسووڵ ڕەزا شەریف، خەڵکی گوندی “تەیمەز”ـی شاری “پێنجوێن”ـی سەربە پارێزگای سلێمانی‌ ماوەی ٢ساڵ لەمەوبەر لە  درێژەی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” لە شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و بێ دەستپێڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی ئەو شارەدا ڕاگیراون و لە کۆتاییدا سەرجەم سزای ٢٢ساڵ و ٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە دوای دەسبەسەرکردنیان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بۆ ماوەی سێ مانگ لە گرتنگە و ژووری تاکەکەسی لەژێر قورسترین ئەشکەنجە و گوشارەکاندا بوون و ڕێگەیان پێنەدراوە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا هەبێ و دواجار لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، هەرکامیان سزای ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و دواتر ئەو سزایە  گۆڕدراوە و ١١ساڵ و ٣مانگ بەندکردن و لەو کاتەوە تائێستا بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەکانی سنە و بانە ڕاگیران.