ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆراگری: هاروون سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە ماوەی ٣ڕۆژە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووسەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، هاروون سەلیمی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “شیان”ـی سەربە شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی نادیارە.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، لە شەقامێکی شاری سنە ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣ڕۆژ تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوو، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.