دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی سنە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: کەیوان کەمانگەرنەسەب، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، کەیوان کەمانگەرنەسەب، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران وێڕای دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و پاش پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسییەکانی وەک کۆمپیۆتێر و موبایلەکەیدا گرتووە و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە لەگەڵ خۆیان بردوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە، کەیوان کەمانگەرنەسەب، پێشتریش چەند جارێکی دیکە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها ئێستاش پاش دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.