دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی دەڕەشار لەلایەن ڕێژیمەە

خۆڕاگری: ئەدیب هیممەتی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دەڕەشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەدیب هیممەتی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “وەزیرئاوا”ـی سەربە دەڕەشار لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، لە ماڵەکەیە خۆیدا دەسبەسەر کرا.

بنەماڵەی هیممەتی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی کوڕەکەیان سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمیان لە دەڕەشار کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ کوڕەکەیان لانیکەم بۆ ماوەی ٢٠ڕۆژ بمێنێتەوە و هەروەها ناوبراو دوای دەسبەسەرکرانی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکان و لێپرسینەوەکانی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە کە ئەوە لە حاڵێکدایە بنەماڵەکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمیان لەو شارە کردووە.