ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی بەفرانباری١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی بەفرانباری١٤٠٢ی هەتاوی ٥٠کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی بەفرانباری١٤٠٢ی هەتاوی دا، ١٧ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و پێبژاردن و دوورخستەنەوەیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٦٩ ساڵ و ٣مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و ٧٤ قامچی و ٥٠ ملیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون.هەروەها ٤ کەس لەو سزادراوە  سیاسیانە بە ناوەکانی(پێژمان فاتحی،موحسین مەزلووم،وەفا ئازەرباری،محەممەد فەرامەرزی)  سزای ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندراوە. جێگای ئاماژەیە کە،٥ بەندکراوێ سیاسی و مەزهەبی کە پێشتر سزای ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندرابوو سزاکەیان جێبەجێ کرا.(وەفا هەنارە،ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازۆ،نەسیم نەمازی)کە تۆمەتی سیخوریان لیدرابوو ٧ی بەفرانبار سزاکەیان جێبەجێ کرا،هەروەها بەندکراوێکی مەزهەبی بە ناوی داود عەبدووڵاهی دوای ١٤ ساڵ مانەوە لە بەندیخانە کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپە توندرەوەکان و فەساد لە سەر زەوی سزای ئێعدامی بەسەر دا سەپێندرابوو، سزای ئێعدامەکەی ١٢ی بەفرانبار جێبەجێ کرا.

ئەوەی جێگای سەرنجە کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە، ئێعدامی چالاکانی سیاسی،دەسبەسەر کردن و بەندکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی،بەردەوامی تووندوتیژی بە دژی ژنان بە تۆمەتی حیجابی زورەملێ،کوشتنی کۆڵبەران،باسی گرینگی نێو مێدیاو ڕاگەیاندنە گشتییەکانن.کە بەداخەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ لە ئاست ئەو هەموو پێشێلکارییە بێدەنگن.