هاووڵاتییەکی خەڵكی سنە بەهۆی لەبەرکردنی کەواپاتۆڵی خاکی لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: مەحموود نادری، هاووڵاتیی خەڵكی ناوچەی کەڵاتەرزان، بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکییەوە لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، مەحموود نادری، هاووڵاتیی خەڵكی ناوچەی “کەڵاتەرزان”ـی سەربە شاری سنە بەهۆی ئەوەیکە کەواپاتۆڵی خاکی و جامانەی لەبەر کردووە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە. ناوبراو لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێوڕەسمی زەماوەندی بۆ کوڕەکەی بەڕێوەبردووە و لەو زەماوەندەدا ژمارەیەکی زۆری لاوانی کورد جلوبەرگی خاکی و جامانەیان بەکار هێناوە ئەوەش ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی تووڕە کردووە، هەربۆیە ئەو هاووڵاتییەیان بانگ کردووە و دەسبەسەریان کردووە و هەروەها لەماوەی یەکمانگی ڕابردوودا چەندجار لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سنە بانگ کراوە کە نابێ لەو زەماوەندەدا کەواپاتۆڵی خاکی لەبەربکرێ، بەڵام خەڵکی بوێری سنە بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی ئیتلاعات بە جلوبەرگی کوردیی خاکییەوە زەماوەنێکی دوژمنتەقێنەیان بەڕێوە برد.