چالاکوانێکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەریوان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەریوان پاش مانگێک و ١٥ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، پەروین ئەدوایی، چالاکوانی مەدەنیی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵكی شاری مەریوان، پاش ١مانگ و ١٥ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندی ژنانی چاکسازیی ڕێژیم لە سنە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی یەکەم ڕۆژی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندی ژنانی ناوەندی چاکسازی ڕێژیم لە سنە کراوە و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرا.