دەسبەسەرکردنی مێرمناڵێکی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو لەلایەنی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی تەمەن ۱٦ساڵانی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، وریا ئەمیری، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ساڵانی خەڵكی شاری سەرپێڵ زەهاو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیارە.

ناوبراو لەو مێرمنداڵانەیە کە بووەتە قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و لەو تەمەنەدا کار دەکات کە هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەری و دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.