
خۆڕاگری: کەماڵ شەریفی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسیی کورد، کە زیاتر لە ١٧ساڵە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری میناب بەند کراوە و تائێستا لە کەمترین مافەکانی یاسایی و ئاسایی خۆی لەو بەندیخانەیە بێبەش کراوە و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سزای ٣٠ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و تێپەڕاندنی ئەو سزایە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی و قەیراناویی ئەستەمە.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر بارودۆخی کەماڵ شەریفی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسیی کوردی بڵاو کردەوە و جارێکی دیکە پەردە لەسەر پێشێکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی خامنەییدا لە ئێران و کوردستان لادەدات. کەماڵ شەریفی، تەمەن ۵٢ ساڵان و هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی کورد کە حەڤدەهەمین ساڵی بەندکردنی خۆی تێدەپەڕێنێت، تا ئێستاش لە مافی مەرەخەسی، دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و تەنانەت چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەش کراوە و سەرەڕای ئەوانەش لە بەندی تاوانە مەترسیدارەکانی بەندیخانەی میناب لە پارێزگای هورمزگان ڕاگیراوە و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر گوشار، ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونیدایە و دۆخی تەندروستی ناوبراو جێگیر نییە کە بەهۆی ئەشکەنجە و ئازاروە ددانەکانی شکاوە و بەپەلە پێویستی بە پێڕاگەیشتی پزیشکی خێرایە و ناوەندەی سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەتایبەت ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگری لەوە دەکات کە ناوبراو سەردانی دکتۆر بکات یان لانیکەی ڕێگەی پێنادرێ لە بەندیخانەی چارەسەری سەرەتایی بۆ بکرێت.
کەماڵ شەریفی، لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩١ و ١٣٩٩ی هەتاوی، لە بەندیخانە تووشی جەڵتە و ڕاوەستانی دڵ بوو کە جاری یەکەم بەشی لای ڕاستی جەستەی توانای جووڵانەوەی لەدەستدا بوو و جاری دووهەم لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەندەرعەباس نەشتەرگەری بۆ کرا ئەوە لە کاتێدایە کە لەوپەڕی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی خۆیدا بوو بۆیە بردوویانەتە نەخۆشخانە دەنا کۆماری ئیسلامی باکی بەو شتانە نییە و بەهیچ شێوەیەک مافی بەندکراوی سیاسیی پارێزراو نییە لە ئێران.
ناوبراو لە دادگایەکی نادادپەروەری ٥خولەکیدا لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی لە شاری سەقز بە سەرۆکایەتی قازی “شایەق” بەتۆمەتی “موحاڕبە” و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ٣٠ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەو سزایە لە کوردستانەوە دوور خرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری “میناب” لە پارێزگای هورمزگان و هەروەها تائێستا کە زیاتر لە ١٧ساڵ بەسەر بەندکردنیدا تێدەپەڕێت لە هەموو ئەو مافانەی بەندکراوێک هەیەتی بێبەش کراوە وەکو: ئازادی کاتیی، کارکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر هەرجۆرە پەیوەندییەکی دیکە و بەخراپترین شێوەش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
کەماڵ شەریفی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، بۆ ماوەی زیاتر لە ٢مانگێک بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە هەڵسوکەتی بەرپرسانی بەندیخانە و ناوەندی سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم مانی لە خوارد گرت و بەوهۆیە دۆخی تەندروستی تێک چوو و بەو حاڵەوە کە دۆخی تەندروستی لەوپەڕی نالەباریدا بوو، توانی بۆ ماوەی چەند خولەکێک هەر لە ژووری بەرپرسی بەندیخانەکە و بە ئامادەبوونی ئەفسەرانی بەندیخانە چاوی بە دایکی و براکەی کەوت و هەروەها ناوبراو لەو بارەیەوە وتی: تەنانەت ڕێگەم پێ نەدرا لەگەڵ دایکم بە زمانی کوردی قسە بکەم، ناچاریان کردم بە فارسی قسە بکەم لەحاڵێکدا کە دایکم ناتوانێت بە زمانی فارسی قسە بکات!!. ئەو چاوپێکەوتنە کورتە تەنیا بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە و بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە مانگرتن لە خواردنی ئەو بەندکراوە بوو.
شایانی باسە کە، کەماڵ شەریفی، ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی مانگی جۆزەردانی ١٣٨٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و هەر لەو ڕۆژەدا بە فەرمانی داواکاری گشتیی ڕێژیم لە شاری سەقز، دەست و لاق و چاوی بەسترا و گوازرایەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە و هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٨٨ی هەتاوی، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری میناب و لەو کاتەوە بەهۆی بەردەوامیی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێبەش کراوە.