ئاشکرابوونی ناسنامەی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵكی مەهاباد کە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون

خۆڕاگری: چیا نەسروڵڵاهی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد کە لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی ڕێژیم دەسبەسەر کرا تازە ئاشکرا بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چیا نەسروڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شوێنی کارەکەی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوانی خەڵكی ئەو شارە گەیشتووەتە ١٥کەس.

هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانە بە ژمارەیەک چەکداری سەرکوتکەر و چەند ماشێنێک هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکای دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.