کچە بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرت

خۆڕاگری: سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی شەهیدێکی شۆڕشی ژینا کە ٢حەفتە لەمەوبەر لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی براکەی لەگەڵ باوکی، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرابوو، لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، سۆڵماز حەسەنزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری بۆکان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی ناڕوونی و بێبەشکردنی لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرتووە و لە یەکەم ڕۆژی گواستنەوەی بۆ ئەو بەندیخانەیە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە تا ئێستا لە ژووری تاکەکەسی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە بۆ بەندی گشتی نەگوازراوەتەوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

سۆڵماز حەسەنزادە و ئەحمەد حەسەنزادەی باوکی کە دەبنە خوشک و باوکی محەممەد حەسەنزادە، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕە شەهیدەکەیان لە کاتی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کران.