هاووڵاتییەکی کوردی خۆراسان بۆ جەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: مورتەزا کەیوانلوو، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی سەبزەوار کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، مورتەزا کەیوانلوو، هاووڵاتیی کوردی شاری “جۆغەتا”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگوستەریی ڕێژیم لەو شارە، دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەبزەوار گوازرایەوە.

مورتەزا کەیوانلوو، سەرەتای مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی  دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە سەبزەوار بە سەرۆکایەتی قازی “محەممەد غوڵامی” بەتۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بەدژی کۆماری ئیسلامی، سزای ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە دوای ماوەیەک لەلایەن لقی ٣٥ی دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هاووڵاتییە پێشتریش بەهۆی دوو پەروەندەیەکی دیکە سزای ٦ مانگ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

مورتەزا  کەیوانلوو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو،  لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە سەبزەوار دەسبەسەر کرا و کۆتایی مانگی ڕەشەممەی هەمانساڵ، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.