دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی “عیرفان مەحموودی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پیرانشار هەڵیانکواوەتە سەرماڵی عیرفان مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

سەرەڕای بەدواداچوونی وردی بنەماڵەی مەحموودی بە مەبەسەتی ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بەو بنەماڵەیە نەداوە.