دەسبەسەرکردنی دایک و کوڕێکی خەڵکی بۆکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دایک و کوڕێکی خەڵکی بۆکانیان بەناوەکانی “زارا ساجێدی و فەخرەدین قوڕەیشی” دەسبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، زارا ساجێدی و فەخرەدین قوڕەیشی، دایک و کوڕی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بانگ کراون و پاش لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن لێیان هەرلەوێ دەسبەجێ بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو دایک و کوڕە دراوسێی ماڵی “محەممەد حەسەنزادە” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینان کە لەکاتی دەسبەسەرکردن باوک و خوشکی ئەو شەهیدە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان بانگ کراون و هەرلەوێ دەسبەسەر کراون و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.