هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان ماوەی ٣مانگە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە

خۆڕاگری: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣مانگە بەسەر دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی “محەممەدفەریق شەریعەتپەنا” تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: محەممەدفەریق شەریعەتپەنا” هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، ماوەی ٣مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و ڕێگەیان نەداوە هەواڵی دەسبەسەرکردنەکەشی بە میدیایی بکرێت.

زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە ناوبرا لە ماوەی ئەو ٣مانگەدا تائێستا ڕێگەی پێنەدراوە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنامەڵەکەی بکات، تەنیا چەند جارێک بۆ ماوەیەکی کورت لە ڕێگەی تەلەفوونەوە پەیوەندی گرتووە و لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەش کراوە و هەروەها بە دیاریکراوی ماوی ٢٠ڕۆژ دەبێ کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری نەبووە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەکەی.

جێی ئاماژەیە کە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی شەریعەتپەنا کردووە کە نابێ بەهیچ شێوەیەک هەواڵی دەسبەسەرکردنی کوڕەکەیان بە میدیایی بکرێ، لە حاڵێکدا ماوەی ٣مانگە دەسبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە کە بە چ هۆکارێک دەسبەسەر کراوە یان شوێنی ڕاگیران کوێیە تەنیا ئەوەندە زانییاری هەیە کە دەسبەسەرکراو پێیان ڕاگەیاندوون گواستوویانەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.