چالاکێکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: دانا لەنجابادی، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، دانا لەنجابادی، چالاکی مەدەنیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری مەریوان، پاش زیاتر لە ٢٠ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی مەریوان ئازاد کرا.

ناوبراو تا ڕۆژێک پێش ئازادیی کاتییەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مریواندا دەسبەسەر بووە و ئەو ماوەیە لەوێ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە و یەک ڕۆژی پێش ئەوەی بەدانانی بارمتە ئازاد بکرێ ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کراوە و دواتر بەشێوەی کاتیی ئازاد کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو چالاکە مەدەنییە ١ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە مریوان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە و لەوێ بەردەوام لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ کراوە.