خۆڕاگری: لە بەردەوامیی ئاشکرابوونی ناوی قوربانیانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی ڕابردوو، ناسنامەی چوار لاوی دیکەی کورد کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم شەهید کراون، ڕاگەیەندرا.
سێشەممە، ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ی هەتاوی “١٠ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی” ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عەلیئەشرەف پەرتەوی، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شەقامی “ستارخان”ـی تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی فیشەکی جەنگی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە گیانی لەدەستدا.
یووسف ئیلهامی، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵانی کوردی کورمانجی خەڵکی “شیروان” و دانیشتووی مەشهەد، لە هەمان ڕۆژدا (١٨ی بەفرانبار) لە مەیدانی “مێعراج”ـی ئەو شارە کراوەتە ئامانجی فیشەکی جەنگیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و شەهید کراوە.
هاوکات عەلی محەممەدی، لاوی تەمەن ١٩ ساڵانی کوردی خەڵکی “نورئاوای دەلفان” لە پارێزگای لوڕستان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار لە ناوچەی “قەرچەک”ـی تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دا و هەروەها حەسەن دیدارخاە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری “ئیسفەراین” لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، لە گۆڕەپانی “کاتژمێر”ـی ئەو شارە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی خامنەیی گیانی سپاردووە.

Be the first to comment