
خۆڕاگری: ئەفشین حوسێنپەناهی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی پێشووی خەڵكی سنە پاش نزیکەی ٢مانگ ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەفشین حوسێنپەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری سنە، پاش تێپەڕبوونی ٥٠ ڕۆژ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاشان ماڵەکەشیان بەتەواوی پشکنیوە و تاماوەیەک شوێنی ڕاگیرانی نادیار بوو.