هاووڵاتییەکی خەڵكی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١ساڵ و ٦مانگ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، کە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێرانەوە لەو شارە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و تەبلیغ بەدژی حکوومەت، سزای ١ساڵ و و٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ کراوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و پاش زیاتر لە ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.