دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵكی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی “عیسا قادری و مەولوود ڕەسووڵ‌پیران” لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، عیسا قادری و مەلوود ڕەسووڵ‌پیران، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “خەیراباد”ـی ناوچەی شاماتی سەربە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو دوو هاووڵاتییە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکانیان، بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.