پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان ڕۆژی بەندکراوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

زندانیانی سیاسیی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی زندانیانی سیاسی!
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندیە  سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەری ڕێز دادەنوێنین بۆ خۆراگری ژنان و پیاوان لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمی ئێران وکڕنۆش بۆ ئیرادەی کۆڵنەدەرانەیان دەبەین.

ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان لەلایەن ئەنجومەنی بەندیە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵێکی دیکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و سیاسیی ڕۆژهەڵات وەکوو ڕۆژی بەندکراوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری کراوە. دیاریکردنی ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەروەی ڕۆژێکی تاڵ لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستانە کە مێژویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، لەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی مەهابادی کە پێشتر لەلایەن ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانەوە بەبێ هیچ تاوانێک و تەنیا بە تۆمەتی کوردبوون و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان دەسبەسەر کرابوون، لە دادگاییەکی سەحراییدا سزای لەسێدارەدانییان بەسەردا سەپا و دواتر لە شاری تەورێز گولـلەباران کران وئەوەش بووە پەڵەیەکی دیکەی ڕەش بە نێوچاوانی ئەو ڕێژیمەوە.
ڕێژیمی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداری، هەردەم ئازادیخوازان وجیابیرانی خۆی لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان بە بیانووی دژایەتی لەگەڵ ئایین یان بەڕوونی دژایەتی لەگەڵ حکوومەت بەندکردوون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە کە ژنانی کوردستان لەو پێوەندییەدا پشکی شێریان بەر کەوتووە و دوو جار چەوساونەتەوە، جارێکی کوردبوون و جارێکیش ژنبوون، بەڵام ئەوە بەندکراوانی کوردستان بوون کە بە خۆراگرییان داگیرکەرانیان بەچۆکدا هێناوە و کۆڵیان نەداوە.

لە پاش سەرهەڵدانی شۆرشی ژینا ڕێژیم جارێکی تر لە کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر دەستی بە رەشبگیری کرد وهەزاران کچ و کوڕی کوردی لە سیاچاڵەکانی بەند کردووە کە ڕێژەی زۆری ژنان تێیدا دەبینرێ.
خۆڕاگریی ژنان و پیاوانی بەندکراو لە زیندانەکان بکەینە سەرباشقەی تێکۆشان بۆ ڕزگاریی نیشتمان و هەروەها ڕێبازی یەکسانی و جێگیربوونی مرۆڤایەتی و بەرابەری لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.

بنەماڵەی سەربەرزی زندانیانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە چاوەڕوانی هاتنەوە و لە ئامێزگرتنەوەی ئازیزانتان بوون، ڕۆژێک نیشتمانی ئێمەش ڕزگار دەبێت و داری هەوڵ و خەبات و تێکۆشانتان دێتە بەر، دڵنیا بن بەرخۆدان و خۆڕاگریی ئێوە لەسەر ناوی سەربەستیی کوردستانمان دەنووسین و یادیی قارەمانیی ئێوە هەمیشە لە دڵی گەلی کوردستاندایە.

١٢ی جۆزەردان دەرفەتێکی باشە تا ڕێزلە زندانیانی سیاسیی و بنەماڵە سەربەرزەکانیان بگرین و سەری ڕێز بۆ کۆڵنەدانیان دا بنوێنین.
سەرکەوێ خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد
هیوای سڵامەتی و ئازادی بۆ زندانیانی سیاسیی
یەکیەتیی ژنانی  دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٤کوردی