زیندانییە سیاسییەکانی کورد!
بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی!
بە بۆنەی دوازدەی جۆزەردان، ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کوردستان وێڕای وەبیرهێنانەوەی یادی زیندانییانی ئازیزی لە سێدارەدراومان، زۆر بەڕێزەوە سپاسی خۆڕاگریی ئێوەی کۆڵنەدەر لە نێو بەندیخانەکانی هەردوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکەین.
دوازدەی جۆزەردان کە لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەکوو ڕۆژی زیندانییانی سیاسیی کوردستان دیاری کراوە، وەبیرهێنەروەی ڕۆژێکی تاڵ لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمانە. ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لەو ڕۆژەدا ٥٩ لاوی مەهابادی کە پێشتر لە لایەن ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامیەوە بەبێ هیچ تاوانێک و تەنیا بە تۆمەتی کوردبوون و هاوکاری لە گەڵ ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە شاری تەورێز گوللەباران کران. گوللەباران کردنی ئەو ئازیزانە لە کاتێکدا بوو کە چەند کەسێکیان هێشتا لەخوار هەژدە ساڵ بوون و نەگەیشتبوونە تەمەنی قانوونی. ئەو ٥٩ لاوە نە لە دادگاییەکی ئاشکرادا دادگایی کران و نە مافی ئەوەیان پێ درا پارێزەریان هەبێ، تەنانەت دوای گوللەباران کردنیان تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرایەوە و هەتا ئێستاش نازانرێ لە کوێ نێژراون. هاوکات هەڵبژاردنی مەرگی سەربەرزانەی ئەو ئازیزانە و چۆکدانەدانیان لە بەرانبەر مرۆڤکوژانی کۆماری ئیسلامیدا بووە بە ڕەمزی خەباتی زیندانییانی سیاسیی کوردستان و هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا ڕێز لە ناو و یادی ئەوان و هەموو زیندانییانی سیاسیی کوردستان دەگیردرێ.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی دوازدەی جۆزەردان دەکەینەوە کە ئیبرایم ڕەئیسی یەکێک لە جەللادەکانی نێو بەندیخانەکانی ڕێژیم کە دەستێکی باڵای لە ئێعدامی زیندانییانی سیاسیدا هەبوو و یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی مەرگ لە ئێعدامی هەزاران کەس لە ساڵی ٦٧دا بوو، لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرەکەدا لە بەین چوو. حەق وابوو کە ڕەئیسی پێش مردنی ڕاپێچی بەردەم دادگا کرابا و سزای ئەو هەموو تاوانەی وەرگرتباوە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتە بۆ بنەماڵەی داخداری ئیعدام کراوەکان نەڕەخسا. هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو ئەو کەسانەی دەستیان لە ئەشکەنجە و ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کوردستان و ئێراندا هەبووە، بهێنرێنە بەردەم یاسا و سزای تاوانەکانیان وەربگرنەوە.
زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر!
ئێوە وەکوو بەشێکی گرینگی گۆڕەپانی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەردوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا، ئەرکێکی قورستان لە سەرشان بووە و هەیە. زۆرێک لە ئێوە بەداخەوە ساڵانێک لە تەمەنی خۆتان لەنێو زیندانەکاندا لە پێناو ڕزگاری گەلەکەتاندا دیلی دەستی دوژمنان بوون و بەخۆشییەوە لێی ڕووسوور و سەربەرز هاتوونە دەرێ، زۆرێک لە ئێوەش هەر ئێستا لە نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەربەرزانە ڕاوەستاون و ماوەی حوکمە نادادپەروەرانەکەتان تێپەڕ دەکەن. بەگشتی ئێوەی خۆڕاگر هەم سەری خۆتان بەرز ڕاگرتوە و هەمیش لە نێو گەلانی ئازادیخوازدا بوونەتە مایەی شانازیی گەلەکەتان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕۆژەدا جارێکی تر، وێڕای ڕێزگرتن لە خەباتی ئێوە ئازیزان، پڕبەدڵ سپاسی زەحمەتەکانی خۆتان و بنەماڵە ڕووسوورەکانتان دەکا. هیوادارین بەزووترین کات بەری زەحمەتی ئێوە و هەموو خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان بێتە دی و وێڕای ئازادیی ئێوە و ڕزگاری یەکجاری گەلەکەمان لە بندەستی، پێکەوە کار بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر بکەین.
سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان و هەموو زیندانییانی سیاسیی لە سێدارەدراو.
سڵاو لە ئیرادەی زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر و بنەماڵەی سەربەرزیان.
ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣