خۆڕاگری: مامۆستا ئایەت غوڵامی، مامۆستای ئایینیی و پێشنوێژی مزگەوتی “محەمەدەلمستەفا”ـی کرماشان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ٥ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و شەش مانگ بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئایەت غوڵامی، مامۆستای ئایینیی و پێشنوێژی مزگەوتی “محەممەدەلمستەفا” و مامۆستای قوتابخانەی زانستی ئایینیی و هاووڵاتیی خەڵكی شاری کرماشان، لەلایەن لقی پێداچوونەوەی دادسەرای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندەی بەدژی حکوومەت، سزای ٥ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێڕدراو و شەش مانگ سزای بەندکردنی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو پێشتر ڕۆژی شەممە، ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ڕێژیمەوە لە شاری هەمەدان بەتۆمەتگەلی، پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیمی ئێران، بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیروڕایی گشتی و بێرێزی بە حەزرەتی فاتمە، سزای ٢ ساڵ بەندکردنی تەعزیری کە یەک ساڵی دەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەسەریدا سەپێندرابوو و هەروەها پێشتر لە مانگی بانەمەڕدا لەلایەن لقی دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینیی ڕێژیم لە کرماشان بانگ کرابوو و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرابوو.
