کۆماری ئیسلامی ٢جار سزای سێدارەی بەسەر بەندکراوێکی سیاسیی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: نایب عەسکەری، بەنکراوی سیاسیی خەڵکی ورمێ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بۆ دووهەمینجار سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری ورمێ کە پێشتر بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوبوو، دوای ئەوەیکە داوای کردبوو کە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بکرێ و جارێکی دیکە چەند کۆبوونەوەیەک بەڕێوە چووە و لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، جارێکی دیکە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرایەوە.

نووسینگەی بەڕیوەبەریی سزای بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، بە فەرمی ئەو بەندکراوە سیاسییەی بانگ کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە بۆ جارێکی دیکە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦جار بە مەبەستی دادگاییکردن لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە بانگ کراوە و دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوە چووە.