خۆڕاگری: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەرفراوانی دەسبەسەرکردن و ڕاپێچکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە شارە جیاوازەکانی گرتووەتەوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری”، دەستبەسەرکردنی کەسایەتییەکی ناسراوی ئاودانان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و لە چەند ناوچەیەکی دیکەش چارەنووسی دەسبەسەرکراوان بە نادیاری ماوەتەوە و ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی “٢٢ی فێوریەی ٢٠٢٦ی زایینی”، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە بەکارهێنانی دەیان ئۆتۆمبێل و بە شێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “یەعقووب محەممەدی”، کەسایەتیی ناوداری فەرهەنگی و زیندانیی سیاسیی پێشوو لە شاری ئاودانان و دەسبەسەریان کرد.
هەر لە درێژەی گوشاری سەرکوتکردنەکاندا، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمە، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شارۆچکەی «ئاسمانئاوا»ـی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو برایان بە ناوەکانی ئەمیرحیسام سوهرابنیا، تەمەن ١٨ ساڵان و ئەمیرحوسێن سوهرابنیا، تەمەن ٢٢ ساڵان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کردووە.
هاوکات، چارەنووسی ساسان پاکڕەوان، لاوی تەمەن ٢٢ ساڵانی خەڵکی ئیلام، کە لە ٧ی ڕێبەندانەوە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، بە نادیاری ماوەتەوە و بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام، تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستیی کوڕەکەیان پێنەدراوە.
لە شاری مەشهەد، مێهدی جەعفەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دەرگز، ماوەی ٣٤ ڕۆژە بە شێوەیەکی خۆسەرانە دەسبەسەر کراوە و بەهۆی ئەوەی ناوبراو لە مەشهەد بە تەنیا دەژیا، تا ئێستا کەسی نەبووە بە فەرمی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکات و ئەمەش مەترسییەکانی لەسەر ژیانی زیاتر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە شاری دیواندەرە، هاووڵاتییەکیان بە ناوی فەریبا قارەمانی دەسبەسەر کردووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

Be the first to comment