هاووڵاتییە کوردی خەڵکی خۆراسان لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی “جوغتا”ـی سەربە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، بەناوی ” مورتەزا کەیوانلوو” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مورتەزا کەیوانلوو، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری “جوغتا”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سەبزەوار دەسبەسەر کرا و پاشان گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو لە پاش دەسبەسەرکردنییەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو بارەیەوە خۆیان کەڕ کردووە.