ئاماری دەستبەسەر کراوان و حوکم دراوانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە مانگی ڕێبەندانی١٤٠٢ی هەتاوی،بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆڕاگری:بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوو دا، واتە مانگی ڕێبەندانی١٤٠٢ی هەتاوی ٦٣کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون، کە بەشێکیان دوای تەواو بوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان وچارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها بە پێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەن لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی دا، ١٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لێکۆلینەوەیان لێکراوە،لەلایەن دادگای بە ناو شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران کەیسەکانیان یەک لایی کراوەتەوە و سزای ئێعدام و بەندکران و پێبژاردن و دوورخستەنەوەیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سەزا دراوانە لە سەر یەک بە ٢٣ ساڵ و ١١مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری و ٧٠ ملیون تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون.هەروەها ٢ کەس لەو سزادراوە  سیاسیانە بە ناوەکانی(یوسف ئەحمەدی ،خەڵكی بۆکان،مامۆستا محەممەد خزرنەژاد خەڵکی بۆکان)  سزای ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندراوە. جێگای ئاماژەیە کە،٤ بەندکراوێ سیاسی کە پێشتر سزای ئێعدامیان بەسەر دا سەپێندرابوو سزاکەیان جێبەجێ کرا.(وەفا ئازەربار،پێژمان فاتحی،موحسێن مەزلووم،محەممەد فەرامەرزی)کە تۆمەتی سیخوریان لیدرابوو ٩ی ڕێبەندان سزاکەیان جێبەجێ کرا.

ئەوەی جێگای سەرنجە لە مانگی ڕابردوو دا دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکانیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون و هەروەها پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بوون دایە

.