کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: محەممەدعەلی وەحدەتی، هاووڵاتیی خەڵکی قووچان، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، محەممەدعەلی وەحدەتی، هاووڵاتی کوردی  تەمەن ٦٥ ساڵانی خەڵکی شاری “قووچان”ـی سەربە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوژرانی هاووڵاتییان لەلایەن حکوومەتەوە لەکاتی شۆڕشی ژینادا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ١٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و  گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی “وەکیل‌ئاوا”ـی شاری مەشهەد.

ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەشهەد بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژبە کۆماری ئیسلامی، بێڕێزیکردن بە خامنەیی و ئەندامبوون لە لایەنە دژبەرەکانی حکوومەت، سەرجەم سزای ١٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها محەممەدعەلی وەحدەتی پێشتر و لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی  دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.