هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: مستەفا زاهیرزهوور، چالاکوانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی،مستەفا زاهیرزهوور، چالاکوانی مەدەنی و یەکێک لە شاخەوانانی خەڵکی شاری سنە، پاش یەک حەوتوو دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریی کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، دەسبەسەر کرا کە تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی لە بەردەستدا نییە.