هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: قانع خاتری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە پاش نزیکەی ١٥ڕۆژ ڕاگیران بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی، قانع خاتری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری سنە، پاش ١٤ڕۆژ دەسبەسەرکردن، بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

 ناوبراو ڕۆژی ١٨ی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و تائێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە و لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و هەروەها لەو ماوەیەدا لەمافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.