دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: دڵشاد محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت لەسەر ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنی “بەرزین حەمزەزادە” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، دڵشاد محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت کە لەسەر “کوشتنی بەرزین حەمزەزادە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە” ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو پاش بڵاوکردنەوەی پۆستێکی ناڕەزایەتیدەربڕین لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی و لەسەر کوشتنی بەرزین حەمزەزادە، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی سەردەشت کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراوە، لەلایەن چەکدارانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.