سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ٨دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ٨هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی دێلوڕان، ئاودانان و دەڕەشار و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٦٢ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران، محەممەد حەسەن حاسڵی، عەزیم یادگاری، سەعدوڵڵا ئایینی، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و بەختیار محەممەدزادە، ٨ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی ئاودانان، دێلوڕان و دەڕەشار لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بەکۆی گشتی سزای ٦٢ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە هەروەها سێ کەسیان وێڕای سزای بەندکران سزای دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەکانی زاهیدان، مەشهەد و کرمان بەسەریاندا سەپێندراوە.

ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران و محەممەدحەسەن حاسڵی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئیلام، هەریەکەو سزای ١٢ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە هەرسێکیان بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد دوورخراونەتەوە.

هەروەها عەزیم یادگاری و سەعدوڵڵا ئایینی، خەڵکی دێلوڕان لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئیلام، هەریەکەو سزای ١٠ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە. حوسێن باپیروەند و فەرشاد ئایینی، خەڵکی دێلوڕان و بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەڕەشار لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ئیلام، هەریەکەو سزای دوو ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هەشت هاووڵاتییە بێجگە لە “وەحید چاوەران” کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوە لە ئێران دەسبەسەر کرابوو، ساڵی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ژینادا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوون و لەماوەی دەسبەسەربوونیان چەندجارێک بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسیان، مانیان لە خواردن گرتبوو.