
خۆڕاگری: مامۆستا لوقمان ئەمینی، پێشنوێژی مزگەوتی “چواریاری نەبی”ـی سنە بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی هەمەدان ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، مامۆستا لوقمان ئەمینی، کەسایەتی ئایینی و پێشنوێژی مزگەوتی “چواریاری نەبی”ـی شاری سنە و هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە پاش مانگێک و ١٢ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی هەمەدان ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، پاش بانگکردنی بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانیی ڕێژیم لە هەمەدان هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرابوو و دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ئەو شارە و هەروەها پێشتر لە لایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانیی ڕێژیم لە هەمەدان بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەک، سزای پێنج ساڵ بەندکردن، بەتۆمەتی پڕۆپاگەندە بەدژی حکوومەت و هاوکاریکردنی حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای یەکساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.