دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی

خۆڕاگری: زانیار مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ بۆ تێپەڕاندنی سزای ٦ مانگ بەندکردن، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، زانیار مەحموودی، هاووڵاتیی خەڵکی خەڵکی شاری جوانڕۆ، دوای ئەوەیکە لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بانگ کراوە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای٦مانگ بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانەی “دیزڵاوا”ـی کرماشان کراوە.

ناوبراو لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە جوانڕۆ بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، سزای ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و ڕۆژی پێنجشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە، لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتیی ئازاد کرا.