خۆڕاگری: فەخرەدین کەریمپوور، هاووڵاتیی خەڵکی بانە نزیکەی ٣ حەوتوویە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەرکراوە و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، فەخرەدین کەریمپوور هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها پاش تێپەڕبوونی ٣حەوتوو لە دەسبەسەرکردنی تازە هەواڵەکەی بە میدیایی کراوە.
ماوەی ٣حەوتوو لە دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە تێدەپەڕێ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە چارەنووسی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە و ڕێگرییان لەوەش کردووە کە هەواڵەکەی بە میدیایی بکرێت.
جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی فەخرەدین کەریمپوور لە بەردەستدا نییە و ئەوەش بەتەواوی بنەماڵەی ناوبراوی نیگەران کردووە.