دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵكی پاوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: مامۆستا محەممەد محەممەدی، کەسایەتیی ئایینیی خەڵکی پاوە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سیشەممە، ٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا محەممەد محەممەدی، کەسایەتیی ئایینیی خەڵكی گوندی “میراولی”ـی سەربە شاری پاوە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ناوبراو پێشتر لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە چەندجارێکی بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە لەسەر ئەوەیکە لەکاتی شۆڕشی ژینا هاودەنگ و پشتیوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکان بوو و هەروەها بەهۆی گوشارەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەستی لە پێشنوێژی و وتاردان کێشاوەتەوە و تائیستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.