هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئومید فەرەجی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان پاش نزیکەی مانگ و نیوێک ڕاگیران بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئومید فەرەجی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گوندی “نێ”ـی سەربە شاری مەریوان پاش ٤٢ڕۆژ دەسبەسەربوون بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ١ملیارد تمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی مەریوان ئازاد کرا.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دەستیان بە سەر مۆبایل و کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیدا گرتبوو و هەروەها تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.