کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: ئیبراهیم خیشکار، هاووڵاتیی خەڵکی سەوڵاوا لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١ساڵ و ٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئیبراهیم خیشکار، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “دەل”ـی سەر بە شاری سەوڵاوای مەریوان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەریوان، بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای ١ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو و ٦ مانگ بەندکردنی دیکەی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوای بانگکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە بەفەرمی پێی ڕاگەیەندراوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ دەتوانێت سەبارەت بە سزاکەی ناڕەزایەتی دەرببڕێت.

ناوبراو  ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە شاری مەریوان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و دوای نزیکەی ١مانگ ڕاگیران، سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.