ڕاپۆرتی خۆڕاگری لەسەر بێ‌سەروشوێن‌کردنی ژنە چالاکێکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆراگری: وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادئ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن ڕێژیمەوە بێسەروشوێن کراوە و ئەو ڕێکخراوەیە لەو بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردۆتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر بێ‌سەروشوێنبوونی وریشە مورادی ناوسراو بە “جوانا سنە” ڕایگەیاند:  ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، وریشە مورادی، ژنە چالاکی سیاسی و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان و هەروەها ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی شاری سنە، کە نزیکەی دوو مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە ڕفێندراوە و تا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، (کەژار) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوولە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە، جوانا سنە بە مەبەستی چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی کاروباری ژنان لە کوردستان بووە و بە سەرنجدان بە بێسەروشوێنکردنی ناوبراو لەلایەن هێزەسەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە، بەرپرسایەتیی گیانی ئەو ئەندامەمان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە.

ئەو ڕێکخراوەیە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا لە ڕێپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە، سەبارەت بە دۆخی وریشە مورادی و سیناریۆسازیی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دژی ناوبراو، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.