
خۆڕاگری: ئەمیرعەلی و عیماد زاکریفەرد، دوو برای دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینای خەڵكی ئیلام، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سەرجەم سزای ٦٥ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەمیرعەلی زاکریفەرد، چالاکی مەدەنی خەڵکی ئیلام و لەدەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، کە لەماوەی ڕابردوودا دەسبەسەر کراوەتەوە، لەلایەن لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە ئیلام بۆ سێ تۆمەت هەرکام سزای ١٠ ساڵ بەندکردن و تۆمەتێکی دیکە سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا کە دەکاتە ٣١ ساڵ و عیماد زاکریفەردی براشی بۆ دوو تۆمەت هەرکام سزای ١٠ ساڵ و ٢ تۆمەتی دیکە هەرکام سزای ٥ ساڵ و دوو جار سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە کە دەکاتە ٣٤ ساڵ.
ئەو دوو برایە بە تۆمەتگەلی وەکوو بێرێزی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام، بێرێزی بە خامنەیی، پرۆپاگەندە بەدژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڵگرتنی چەک و چۆڵی قەدەغە و بەکارهێنانی چەکی ساچمەیی، کۆبوونەوە لە دژی ئاسایشی ناوخۆیی و تێکدانی ئاسایی گشتی، ڕاگرتنی مەشرووب و ڕاگرتنی کەلوپەلی پەیوەندیدار بە سەتەلایت، سزا دراون.