گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە کەرەج

خۆراگری: حامید باقری، هاووڵاتیی خەڵکی شاباد، دوای ئەوەیکە لە شەقامێکی گوڵشەهری کەرەج بانگی خەڵکی کرد بۆ خۆپیشاندانە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە ڕاستەوخۆ تەقەی لێکرا و گیانی لە دەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، حامید باقری، خەڵکی گوندی “تەجەرئەکبەر کەلهوڕ”ـی سەربە شاباد لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە لە تاران بە چوار گولـلە کرایە ئامانج و لە ئاکامدا گیانی لە دەستدا کە لە یەکێک لە شەقامەکانی گوڵشەهری کەرەج، خەڵکی بۆ خۆپیشاندانی گشتیی بانگ کردبوو.

پێش هێرشی چەکدارانی ڕێژیم بۆ سەر حامید باقری، خەڵکی بانگ کردبوو بۆ خۆپیشاندان و بەتەنیا خۆی دروشمی بەدژی کۆماری ئیسلامی وتووەتەوە و هەروەها بنەماڵەی باقری، دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان خۆیان گەیاندووەتە کەرەج، بەڵام تائێستا ڕێگەیان پێنەداون تەرمی کوڕەکەیان ببینن و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو لاوە بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.