زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (حەسەن جوجەگەڵوانی و نایب حاجی‌زادە)

ئا: دیاکۆ دانا

حەسەن جوجەگەڵوانی زیندانییەکی سیاسیی کوردە کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئەردەوێڵ لە بەنددایە و لە ستوونی زیندان‌بەزێنەکانی ئەم ژمارەیەدا باسێک لە خۆی و پەروەندەکەی دەکەین.

حەسەن جوجەگەڵوانی کە خەڵکی پیرانشار و پێشتر ئەندامی سپای پاسداران و فەرماندەی پایەگایەکی سوپا لە سەرسنوور بوو، ڕۆژی ‌٢٩ی ‌بانەمەڕی ساڵی ‌١٣٩٧ لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای ورمێ‌ەوە دەستبەسەر کرا. ئەو بۆ ماوەی ‌٢٥ ڕۆژ لە سللولی ئینفڕادیی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێدا خرایە ژێر ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی داننانی زۆرەملێ. پاش ئەوەش کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە پەروەندەی لەدژی دروست کرا، لە دادگای نیزامیی ورمێ بە تۆمەیی “پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” و سیخوڕی‌کردن بۆ ئەم حیزبە دادگایی کرا.

حەسەن لە دادگا بێ ئەوەی مافی گرتنی پارێزەری هەبێت، سزای پێنج ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەردەوێڵی بەسەردا سەپا. لەگەڵ ئەوەشدا کە حەسەن تانەی لەو بڕیارە دا، بەڵام ئەو حوکمە نەک هەر لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگاشدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە، بەڵکوو ئەوەشی لێ زیاد کرا کە “لێبووردنی مەرجدار” نایگرێتەوە و دەبێ هەر هەموو ماوە زیندانییەکەی بکێشێت. بەمجۆرە حەسەن ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردانی ساڵی ٩٧ نێردرایە زیندانی ناوەندیی ورمێ و ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بۆ زیندانی ئەڕدەوێل دوور خرایەوە.

حەسەن لەو چوار ساڵەدا کە لە زیندان‌دایە لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە و جەزرەبەی زۆر بەرەوڕوو بۆتەوە. ئەو لە هەموو ئەو ماوەیەدا لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش بووە؛ تەنانەت لە کاتێکدا لە زینداندا ددانەکانی هەڵوەریون و ئامادە بووە لەسەر ئەرکی خۆی چاکیان بکاتەوە، کەچی بەوحاڵەش بەرپرسانی زیندان لەسەر بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان ڕێگر بوون.

حەسەن جوجەگەڵوانی ئێستا چوارمین ساڵی زیندان خۆی تێپەڕ دەکا.

………………………………………………………………………….

نایب حاجی‌زادە، خەڵکی ورمێ ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئۆمید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا.

نایب حاجی‌زادە پاش مانگێک دەستبەسەرکرانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و لە سەرماوەزی ١٣٩٩ لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ دادگایی کرا. لەو دادگا چەند خولەکییەدا نایب و چوار کەسەکەی دیکەش بە تۆمەتی “چالاکیی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی” لە ڕێگەی ئەندامەتیی لە کۆمەڵەدا، هەرکام حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی دیکەدا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب عەسکەری، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زێدە زیندانیان بەسەردا سەپا.

مەسعوود (نایب) حاجی‌زادە خەڵکی گەندی یەنگیجەی سەر بە سۆمای برادۆستی ورمێ تەمەنی ٤٦ ساڵە و باوکی پێنج منداڵە و ئێستا لە دۆخێکی زۆر خراپ‌دایە و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی خێرای پزیشکی هەیە. ناوبراو پاش مانگرتن لە خواردن و لەژێر گوشاری دامەزراوە مافی مرۆییەکان لەسەر بەرپرسانی قەزایی و زیندانی ئێران لە ورمێ، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بۆ نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان ڕاگوێزرا و سکی نەشتەرگەری بۆکرا. بەڵام لە حاڵێکدا دەبوا نەشتەرگەری دووهەمیان پاش دە ڕۆژ بۆ کردبا، نەتەنیا نەشتەرگەری دووهەمی نەکرا؛ بەڵام لە هەر چەشنە چارەسەرییەکی پزیشکی بێبەری کرا کە بووە هۆی کۆبوونەوەی کێمی زۆر لە سکی ئەم زیندانییە سیاسییەدا.

نایب حاجی‌زادە کە لە نیزیکەی دوو مانگ لەمەوپێشەوە لە بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبییەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی کرێکاریی زیندانی ناوەندیی ورمێ، لە ئێستادا دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپ‌دایە. ناوبراو کە لە جۆزەردانی ئەمساڵدا بۆ نەشتەرگەریی پلاتین ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کرابوو و بەبێ تەواوکردنی دەرمانەکان گەڕێنرابۆوە بۆ زیندان، دوای ماوەیەک بە قورسی تووشی هەوکردنی قاچ بووە، هەروەها لە چەند حەفتەی ڕابردوو و لە کاتی کارکردندا بە هۆی هەڵگرتنی شتی قورسەوە تووشی دڕانی نێوزگیش هاتووە.

لەم دواییانەدا دادستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای ورمێ بۆ چوونی نایب حاجی‌زادە بۆ مەرەخەسی داوای بارمتەی یەک میلیارد و دووسەت میلیون تمەنیی کردووە کە دادوەری دۆسیە و دادوەری چاودێر بەسەر زیندانەکان دژایەتی کردووە و جەختی لەسەر بارمتەی چوار میلیارد تمەنی کردووە.