بەدنکراوێکی سیاسیی کورد پاش یەک مانگ ئازادبوونی دەسبەسەر کرایەوە

خۆڕاگری: ئەرسەلان خودکام، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، یەک مانگ دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ورمێ دووبارە دەسبەسەر کرایەوە.

ڕۆژی هەینی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەرسەلان خودکام، کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ دوای تێپەڕبوونی ٦ ساڵ و ٢مانگ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرابوو، لەم دواییانەدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کراوە.

دەسبەسەرکرانی دووبارەی ناوبراو لە کاتێکدایە کە سزای بەندکردنی هەتاهەتاییەکەی بە بڕیاری لە ناکاوی داواکاری نیزامیی تاران و بەبێ زانیاریی پێشوەختە ڕاگیرا و دوای ڕاگەیاندنی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە بەندیخانە ئازاد کرابوو وهەروەها ئەرسەلان سوهرابی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، دوای پێنج ساڵ و ١٠ مانگ و ١٩ ڕۆژ بەندکردنی بەردەوام، بۆ ماوەیەکی کورت مافی مەرەخەسی پێدرابوو و مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لەلایەن لقی ٣٢ی دادگای سەربازیی ڕێژیمەوە لە ورمێ، بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بەپشتبەستن بە ماددەی ٢٠ی کۆمیسیۆنی لێبوردن و لێخۆشبوون بە یەک پلە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە و ئەو سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەشێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرا.