ژنێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان پاش زیاتر لە ١مانگ ڕاگیران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری بۆکان، پاش زیاتر لە یەک مانگ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و لە یەکێک لە گرتنگەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری بۆکان و هەروەها لە بەندیخانە لە مافە سەرەتاییەکانی وەکوو چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو.