ڕاپۆرتی خۆڕاگری لەسەر ڕادەستکردنەوەی پەنابەرێکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئاسایشی یەکیەتییەوە

خۆڕاگری: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خوسرەوی، پەنابەر و چالاکی سیاسیی نیشتەجێی شاری سلێمانی لەلایەن ئاسایشی یەکیەتییەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە ماوەی ٢حەفتەی ڕابردوودا، بێهزاد خوسرەی، خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پەنابەری سیاسیی نیشتەجێی شاری سلێمانی، لەلایەن دەزگای ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو شارە دوو جار بانگ کراوە و جاری دووهەم دوای چەند ڕۆژ دەسبەسەرکردن ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سنە کراوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە، ئاسایشی هەرێم لە شاری سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوە و باس لەوە دەکا کە ڕادەستکردنی “بێهزاد خوسرەوی” بە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستانی نەبووە و هیچ پەیوەندییەکی تەشکیلاتیی بە لایەنێکی سیاسییەوە نەبووە.! بەڵام پێچەوانەی ئەوەی لەو ڕاگەیەندراوەی دەزگای ئاسایشدا هاتوە، بێهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لەگەڵ دایک و خوشێکی لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان دەژین و بەپێی هەموو بەڵگە بەردەستەکان لە نشینگەی شاری سلێمانی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە و مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم بووە، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای باڵای پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار کراوە.

شایانی باسە کە، ئەو پەنابەرە سیاسییە کە لەلایەن ئاسایسی یەکیەتییەوە ڕادەستی ئییلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کراوە لە شاری سنە، ماوەی ٧ ساڵە خۆی و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانـن و لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی هەرێم لە سلێمانی ژیاوە و هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە مەحکەمە و دادگایەکدا لەسەری سەلمابێت و هەروەها حیزبی دێموکراتیش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ناوبرا لەگەڵ دایکی و خوشکی ئەندامی ئەو حیزبە بوون.